22:01 | 2008/4/20 | شوانی

هیمن شوانی به‌غدا22:08:40
پاشئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ 20/4 كۆندۆلیزا رایس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا گه‌یشته به‌غداو له‌گه‌ڵ سه‌رۆك تاڵه‌بانیدا له‌باره‌گای تایبه‌تی خۆی له‌به‌غدا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدا به‌ئاماده‌بوونی نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و هه‌ردوو جێگری سه‌رۆك كۆمار تاریق هاشمی و عادل عه‌بدولمه‌هدی و دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
دوا به‌دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ش له‌كۆنگریه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا سه‌رۆك تاڵه‌بانی و خاتوو رایس رووناكیان خسته‌سه‌ر ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه، له‌و باره‌یه‌وه سه‌ره‌تا سه‌رۆك تاڵه‌بانی دوای به‌خێرهێنانی رایس، هه‌وڵ و كاره‌كانی خاتوی رایسی به‌رزنرخاند بۆ باوه‌ڕپێهێنانی وڵاتانی عه‌ره‌ب بۆ كردنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كانیان له عیراق و به‌شداریكردنی عیراق له‌و كۆنگریه‌ی كه له‌به‌حرێن به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
سه‌باره‌ت به كۆبوونه‌وه‌كه‌ش مام جه‌لال رایگه‌یاند: له كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌ره‌تا نوری مالكی روناكی خسته‌سه‌ر بارودۆخی عیراقی ئه‌مڕۆ، مام جه‌لال وتیشی: ئه‌وه‌مان بۆ كۆندالیزا رایس روونكرده‌وه كه ئێستا به‌غدا له‌وه‌رزی به‌هاری سیاسیدایه.
دواتر كۆندالیزا رایس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌دا دوای سوپاسكردنی سه‌رۆك تاڵه‌بانی و نوری مالكی بۆ ئه‌و پێشوازییه گه‌رمه‌ی لێیان كرد، رۆڵی سه‌رۆك تاڵه‌بانی و سه‌ركرده‌كانی تری عیراقی به‌رزنرخاند بۆ ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی به‌دیهاتوون، هه‌روه‌ك ستایشی رۆڵی دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كانی عیراقی كرد به‌تایبه‌ت له‌و پرۆسه سه‌ربازیانه‌ی كه له ماوه‌ی رابردوو دژی تیرۆرستان و یاخیبوان له‌یاسا ئه‌نجامیاندا بۆ به‌رقه‌راربوونی ئه‌من و ئاسایش و چه‌سپاندنی حوكمی یاسا و به‌دیهێنانی ئاشتبونه‌وه‌ی نیشتمانی و حكومه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق.
له‌كۆتایی وته‌كه‌شیدا رایس ئاماژه‌ی به‌بایه‌خی به‌ستنی كۆنگره‌ی وڵاتانی دراوسێی عیراق كرد كه بڕیار وایه رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌كوێت به‌ڕێوه‌بچێت.
دوا به‌دوای پێشكه‌شكردنی گوڵێك و به‌ڕێكردنی خاتو رایس له‌لایه‌ن سه‌رۆك تاڵه‌بانییه‌وه، مام جه‌لال درێژه‌ی به كۆنگره رۆژنامه‌یه‌كه‌داو وه‌ڵامی پرسیاری په‌یامنێرانی دایه‌وه، مام جه‌لال رایگه‌یاند: خاتو رایس له‌و سه‌ردانه‌دا دوای ئه‌وه‌ی گوێبستی دواین گۆڕانكارییه‌كانی عیراق بوو، هانیداین به‌رده‌وام بین له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانی و بۆ به‌دیهێنانی حكومه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵات.
هه‌ر له‌و چارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆك تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌هه‌وڵه‌كان كرد بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی لیست و لایه‌نه‌كانی تر بۆ به‌شداریكردن له‌حكومه‌ت، له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆك تاڵه‌بانی رایگه‌یاند: عیراق دیارده‌یه‌كی نوێ و وڵاتێكی گرنگه.
سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا، سه‌رۆك مام جه‌لال له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی تری په‌یامنێراندا، دوای ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر باشی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا رایگه‌یاند: سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی و وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم، په‌یوه‌ندییه‌كانی باشتركرد و سه‌ردانێكی زۆر باش و سه‌ركه‌وتوو بوو له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی حكومه‌تی عیراق كۆبوونه‌وه و گه‌یشتوون به‌ڕێكه‌وتن.
سه‌باره‌ت به‌ئه‌نجامی سه‌ردانه‌كه‌ی نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیری عیراق بۆ برۆكسل، مام جه‌لال له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی په‌یامنێراندا رایگه‌یاند: سه‌ردانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیر بۆ برۆكسل زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه‌و ئه‌و سه‌ردانه ئامانجه‌كانی خۆی به‌ته‌واوه‌تی پێكاوه.
سه‌باره‌ت به‌دواین هه‌وڵه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق، مام جه‌لا رایگه‌یاند: هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن و له‌م رۆژانه ستیڤان دی مستۆرا پێشنیازه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان پێشكه‌ش به‌لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه.
به‌چه‌ند پرسارێكی تری په‌یامنێران و نێردراوانی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، تایبه‌ت به‌چه‌ند كێشه‌و بابه‌تێكی ناوخۆی عیراق وه‌ڵامی مام جه‌لال سه‌رۆك كۆماری عیراق كۆتایی به‌كۆنگره رۆژنامه‌ییه‌كه هات.
ته‌واوی په‌ڕگه‌کانی وێبلاگ
دواترین | په‌ڕگه‌ی 3 له 46 | په‌ڕگه‌ی ڕابردوو